Numbers 9:1-14

جەژنی پەسخە

1لە ساڵی دووەمی هاتنەدەرەوەیان لە خاکی میسر لە مانگی یەک لە چۆڵەوانی سینا یەزدان بە موسای فەرموو: 2«با نەوەی ئیسرائیل جەژنی پەسخە لە کاتی خۆیدا بکەن، 3لە ڕۆژی چواردەی ئەم مانگە لە زەردەپەڕدا
کاتی ڕۆژئاوابوون و تاریک داهاتن.‏
، لە کاتی خۆیدا دەیکەن، بەگوێرەی هەموو فەرز و ڕاسپاردەکان.»

4موساش لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل دوا بۆ ئەوەی جەژنی پەسخە بکەن، 5جا لە چواردەی مانگی یەک لە زەردەپەڕدا لە چۆڵەوانی سینا جەژنی پەسخەیان کرد، بەگوێرەی هەموو ئەوەی یەزدان فەرمانی بە موسا کرد، نەوەی ئیسرائیل ئاوایان کرد.

6بەڵام هەندێک کەس بەهۆی مردووێکەوە بەپێی ڕێوڕەسم گڵاو ببوون و دروست نەبوو بۆیان لەو ڕۆژەدا جەژنی پەسخە بکەن، جا لەو ڕۆژەدا هاتنە بەردەم موسا و هارون. 7ئەو خەڵکە پێیان گوت: «ئێمە بەهۆی کەسێکی مردووەوە گڵاوین، بۆچی لە کاتی خۆیدا لەنێو نەوەی ئیسرائیلدا وەلابنرێین و قوربانی بۆ یەزدان پێشکەش نەکەین؟»

8موساش وەڵامی دانەوە: «بوەستن با گوێم لێ بێت یەزدان سەبارەت بە ئێوە چی فەرمان دەکات.»

9جا یەزدان بە موسای فەرموو: 10«لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ:”هەرکەسێک لە ئێوە یان لە نەوەکانتان، ئەگەر بە مردووێک گڵاو ببوو یان لە گەشتێکی دوور بوو، با جەژنی پەسخە بۆ یەزدان بکات. 11لە ڕۆژی چواردەی مانگی دوو لە زەردەپەڕدا دەیکەن، بەرخەکە بە نانی فەتیرە و بە گیای تاڵەوە دەخۆن. 12هیچی بۆ بەیانی ناهێڵنەوە و هیچ ئێسقانێکی لێ ناشکێنرێت. بەگوێرەی هەموو فەرزەکانی جەژنی پەسخە دەیکەن. 13بەڵام ئەگەر یەکێک پاک بوو و لە گەشت نەبوو، جەژنی پەسخەی نەکرد، ئەو گیانە لە گەلەکەی دادەبڕدرێت، چونکە لە کاتی خۆیدا قوربانی یەزدانی پێشکەش نەکردووە، ئەو کەسە ئۆباڵی گوناهەکەی خۆی هەڵدەگرێت.

14«”ئەگەر نامۆیەک لەنێو ئێوەدا بژیێت و ویستی جەژنی پەسخە بۆ یەزدان بگێڕێت، بەگوێرەی فەرزی پەسخە و یاساکانی ئاوا دەکات، یەک فەرز دەبێت بۆتان، بۆ نامۆ و بۆ هاوڵاتی خاکەکە.“»

Copyright information for CkbKSS